ئەو بڕیارەی کە دوای قاوەیەکی بەیانیان دەیدەیت جیاوازە لەو بڕیارەی دوای تەواوبوونی ڕۆژەکەت دەیدەیت، توانستی بیرکردنەوە دەکەوێتە سەر ژینگەو هەستکردن لەو کاتەدا.
بڕیارەکە هەرچیەک بێ، بۆ نمونە:
– کەمێک سکڕۆڵی سۆشیەڵ میدیا بکەم یان نەکەم
– لەو ئیمەیڵە خۆم لە کابرا توڕە بکەم یان بەخۆشی پێی بڵێم
– هەست دەکەم لە ژیان دواکەوتووم، بەردەوام بم لە فڵان شت یان نا
کاتێک بڕیاردانەکە پەیوەست یان پەیوەندی بە کێشەیەکەوە هەیە هاوکێشەکە زۆر یان کەم ئاڵۆز دەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکەش دەوەستێتە سەر ئەوەی مێشکت چەند بە ڕوونی کێشەکە دەبینێت. لەبەر ئەوە پێویستت بە فرەیم وۆرکێکە یارمەتیت بدات بڕیارەکانت بە ستراتیژی ئەنجامبدەیت نەک بهێڵێ هەڕەمەکی بێتە بابەتەکەوە

بە حەوت پرسیار ستراتیژی بخە بیرکردنەوەت و ژیرانە کێشەکانی ژیانت چارەسەر بکە
✦︎ ١. کێشەکە چیە؟
بە یەک ڕستە پێناسەی دروستی کێشەکە بکە:
نمونە ← خەڵک لەمن سەرکەوتووترن، هەست دەکەم لە ژیان دواکەوتووم
✦︎ ٢. بەشەکانی کێشەکە چین؟
کێشەکە لە کۆمەڵێک شتی بچوک پێکدێت، بیاندۆزەوە:
نمونە ←
– پۆستی کەسێکم بینی هەلێکی نایابی بردەوە
– ماوەیەکی زۆرە هەست بە خاوبوونەوە دەکەم
– ئەو مانگە هەستم بە خۆشگوزەرانی نەکردووە
✦︎ ٣. هەستم چۆنە؟
کێشەکە وات لێدەکات هەست بە چی بکەی:
نمونە ← هەست دەکەم بەپێی پێویست نیم چونکە زوو زوو خۆم بە کەسانی تر بەراورد دەکەم
✦︎ ٤. چی ڕاستیە و چیش خەیاڵ؟
ڕاستیەکان جیابکەرەوە لەو خەیاڵەی ژینگەکەت بۆی دروست کردووی
نمونە ←
– ڕاستیەکە: بەردەوام هەوڵی خۆم داوە و زۆر دەگمەن قسوریم هەبووە
– خەیاڵەکە: هەمووان بەرەوپێش دەچن منیش لەهەر لەم قوڕە گیرم خواردووە
✦︎ ٥. هەڵبژاردەکانم چین؟
ئەو شتانەی کە دەتوانی ئەنجامی بدەی تا کێشەکە بتوێتەوە:
نمونە ←
– نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی سەرکەوتووم دەنێرم سڵاوێک و چەند پرسیارێکی لێدەکەم تا زیاتر فێربم
– سێ یان چوار سەرکەوتنی ئەو مانگەم دەنوسمەوەو هەموو ڕۆژێک سەیریان دەکەمەوە
– کەمتر سۆشیەڵ میدیا بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی هەستی بەراوردم بۆ دروست نەبێ و کاتم بەفیڕۆ نەچێت
✦︎ ٦. ئەو شتەی ئەمڕۆ دەیکەم؟
لە هەڵبژاردەکان یەکێکیان هەڵبژێرەو ئەنجامی بدە:
نمونە ← لە نۆتی مۆبایلەکەم سەرکەوتنەکانی ئەو مانگەم دەنوسمەوە و ڕۆژانە سەیریان دەکەمەوە
✦︎ ٧. چی فێربووم؟
بە ڕستەیەک کۆتایی بە کێشەکە بهێنە:
نمونە ← لە ژیاندا دوانەکەوتووم، تەنها زوو زوو هەست بە کەمی وزە دەکەم و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینم هەندێکجار نامورتاحم دەکات. بەڵام بە فڵان گۆڕانکاری ئەم کێشەیەم چارەسەرکرد
بەشێکی مێشک کە ناسراوە بە ئەمیگدڵا، خۆشترین شت لای بریتیە لە دروست کردنی وەهم و خەیاڵات. بێگومان میکانزیمەکە بۆ سودی مرۆڤە بەڵام پێویستی بە کۆنترۆڵکردن هەیە. خۆت ڕابهێنە کە بە شێوەیەکی سیستەمیانە کاردانەوەی خۆت دروست بکەیت. حەوت پرسیارەکەی سەرەوە بەکار بهێنە تا بیرکردنەوەت ڕوونتر بکەیت
بە دووبارەکردنەوەی بەردەوام دەگەیتە ئاستێک بە کەمتر لە خولەکێک پڕۆسەکە ئەنجام دەدەیت.
ئەو نمونەی هەڵمانبژارد بۆ سادەکردنی بابەتەکە بوو. خۆت کێشەکە و بەشەکانی بدۆزەوەو هەستت هەڵبسەنگێنە و ڕاستی و خەیاڵەکان لێکجیابکەوەو هەنگاوو بڕیاری دواترت هەڵبژێرە. هەر ئەوەندەیە.
