·

پرسیارکردن یان لێپێچینەوە؟ هونەری دەربڕین

پرسیارکردن بە گوتنی (بۆ، بۆچی) بەرهەڵستی دروست دەکات

  • بەڕێوبەرێک بە کارمەندەکەی دەڵێت: بۆچی ئیمەیڵەکەت درەنگ نارد؟
  • مامۆستایەک بە قوتابیەکەی دەڵێت: بۆ خراپ بوی لە تاقیکردنەوە؟
  • باوکێک بە منداڵەکەی دەڵێت: بۆچی کتێب ناخوێنیەوە؟

وشەی “بۆچی” وایدادەنێت کە بەرامبەر هەڵەی کردووە. مرۆڤ حەز دەکات خۆی پێ ڕاست بێ ئەگەر چی هەڵەشی کردبێت، میکانیزمێکی مێشکە تا کەسەکە هەست بە سەربەخۆیی و خاوەن بڕیاری خۆیی بکات. وشەی “بۆچی” بەرامبەر ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی بەرگرییانە.

لەهەر کەسێک بپرسی “بۆچی” وات کرد و وات نەکرد ڕێک بەرهەڵستیەک دروست دەبێ لە مێشکی. چونکە وشەی “بۆچی” بابەتەکە دەکاتە لێپێچینەوە. بۆچیییییی = لێپێچینەوە.

کەسی خاوەن کارێزما لە جیاتی لێپێچینەوە میهرەبانی و تێگەیشتن نیشانی بەرامبەرەکەی دەدات بۆیە کاریگەری ئەرێینیان هەیە لەسەر دەوروبەر.

نمونەکانی سەرەوە دەنوسینەوە بەڵام بە شێوەیەکی هونەریانە و کاریگەرییانە

  • بەڕێوبەر: هیچ ئاستەنگیەک هەبوو کە بوە هۆی درەنگ ناردنی ئیمەیڵەکە؟
  • مامۆستا: چی بەشێکی بابەتەکە زۆرترین چاڵنجی بۆ دروست کردیت؟
  • باوک: چی شتێک دەربارەی خوێندنەوە بێزارت دەکات؟

بێگومان دەکرێ بە چەندین جۆری جیاوازتریش بنوسین. هونەرەکە لەوەیە پرسیارکردنەکە هەستی لێپێچینەوە دروست ناکات بۆ کەسی بەرامبەر. جیاوازییەکە لەوەیە کە لە جیاتی بڵێم بۆچی وادەکەی پێت دەڵێم چی وایکرد وابکەی. مامەڵەکردنی دووەم وەکو فریادرەسێک و گوێگرێک دەدوێت نەک وەکو دادوەرێک.

کاریگەربوون و پاراستنی بڕاندی کەسی پێویستە بەوە هەیە وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کەسانی تر بکەیت. ئەگەر کابرای دلیڤەری درەنگ خواردنەکەی بۆت هێنا، یان گارسۆنی کافێیەک بە هەڵە شتێکی بۆ هێنای، یان برادەرەکەت درەنگ هاتە مەوعید، یان کەسێکی نزیکت درەنگ وەڵامی نامەکەتی دایەوە… لەجیاتی بەکارهێنانی “بۆچی” پرسیارکردنەکە بکە فۆڕمی “چی” و “چۆن”. بەمشێوەیە ئەوان زیاتر نرخ و ڤاڵوی تۆ دەبینن و بە ڕێزەوە لەگەڵت دەدوێن.

دەربرینی هونەریانە حیساب بۆ هەست و شعوری بەرامبەر دەکات.