ڕۆچوونی مۆنیومێنتێک و هونەری چارەسەری کێشەکان

نزیک ٢٥ ساڵ پێش ئێستا، شارەوانی یەکێک لە پاڕکەکانی واشنتۆن تێبینیان کرد ماددەکانی مۆنیومێنتەکەی واشنتۆن توشی ڕۆچۆن دەبێت. سەیریان کرد چۆلەکەیەکی زۆر هەموو ڕۆژێک پیسایی فڕێدەدەنە سەر مۆنیومێنتەکە و هەموو ڕۆژێک دەبوایە پاک بکرێتەوە.

پارەیەکی زۆر سەرف کرا بۆ ئەو پاککردنەوەیە و کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو چونکە چۆلەکەکان لە کاری خۆیان بەردەوام بوون. کێشەکە (پیسایی چۆلەکە) و چارەسەری کێشەکە (پاک کردنەوە) وای کرد مۆنیومێنتەکە زیاتر توشی ڕۆچوون ببێت.

لە کۆتاییدا کەسێکی زیرەک وردتر سەیری کێشەکە دەکات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بدۆزێتەوەو ئەو هەموو پارەیە لە پاککردنەوەو چارەسەری کێشەکە خەرج نەکرێت.

ئەو کەسە بیرکردنەوەیەکی سیستەمیانەی بەکارهێنا. پرسیاری کرد کە بۆچی ئەو هەموو چۆلەکەیە دێنە لای مۆنیومێنتەکە، دەرچوو چۆلەکەکان دێنە ئەوێ بۆ خواردنی جاڵجاڵۆکەی سەر مۆنیومێنتەکە.

بێگومان ئەوەندە بەس نیە بۆیە پرسیارکردنەکە قوڵتر ڕۆیشت.

بۆچی جاڵجاڵۆکە لەسەر مۆنیومێنتەکەیە؟ دەرچوو جاڵجاڵۆکەکان بۆ خواردنی مێرووەکانی سەر مۆنیومێنتەکە هاتوون. ئەی بۆچی مێروو لەوێیە؟ دەرچوو ئەو مێرووانە بەهۆی گڵۆپ و ڕووناکی مۆنیومێنتەکە هەموو ئێواران دەچنە سەر مۆنیومێنتەکە چونکە گڵۆپەکان هەموو ئێوارانێک هەڵدەگیرسان.

ئەو بیرکردنەوە دوورو درێژە کێشەکەی ڕوونتر کرد، یانی هۆکاری ڕۆچۆنی مۆنیومێنتەکە چۆلەکە نیە؟

چی دەبێ ئەگەر هەموو ئێواران گڵۆپەکان درەنگتر پێبکرێن پێش ئەوەی مێرووەکان ئەو چانسەیان هەبێ بێنە لای مۆنیومێنتەکە؟

ئەو گۆڕانکارییە بچوکە کێشەکەی چارەسەر کرد! لەمەودوا هەتا دونیا تاریک نەبێ گڵۆپەکان داناگیرسێنن بەمەش مێرووەکان چانسیان نیە بتوانن بێنە سەر مۆنیومێنتەکە، بەمەش جاڵجاڵۆکەو چۆلەکەکانیش چوونە شوێنێکی تر بۆ خواردن.

بەم شێوەیە چارەسەری ڕۆچوونی مۆنیومێنتەکە بریتی بوو لە درەنگ هەڵگیرساندنی گڵۆپەکان! بێ ئەوەی پارەیەکی زۆر سەرف بکرێت لە خاوێنکردنەوە یان دەرکردنی چۆلەکەکان.


ئەو کێشانەی دەیبینی نیشانەن یان هۆکار؟

دکتۆرێک پێش ئەوەی چارەسەری ئازاری گەدەت بکات چەند تاقیکردنەوەیەک دەکات تا دڵنیابێتەوە لە هۆکاری ئازارەکە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی دروست پێشنیار بکات. لە بزنسیش گرنگە پێش چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک کەمی کڕیار، نەبوونی فرۆشتن، نەگەیشتن بە ئەنجامی مارکێتینگ…هتد، بە وردی لێکدانەوەی بۆ بکەی پێش ئەوەی دەست بە پارە سەرف کردن بکەی لە چارەسەرێک کە تەنها نیشانەیەکی کێشەکە بێت.

چارەسەری هۆکاری کێشەکە بکە نەک نیشانەکانی

چۆلەکەکان نیشانەکەبوون، هەڵگیرساندندی گڵۆپەکان سەر لە ئێواران هۆکاری کێشەکە بوو. لەسەرەتا کەس بیری بۆ گڵۆپ نەچوو، چۆلەکەکان ناوەندی سەرنج بوون بۆیە بە هۆکاری کێشەکە بینران. کۆمەڵێک شتی تری نادیار بوونیان هەبوو کە بە بیرکردنەوەی قوڵ دۆزرانەوە وەکو لە جاڵجاڵۆکەو مێرولەوە بۆ ڕووناکی گڵۆپێک.

یاسای پێنج-بۆچی

کێشەکە: ڕۆچوونی مۆنیومێنت

١. بۆچی؟ بەکارهێنانی ماددەی پاککەرەوەی بەهێز

٢. بۆچی؟ لەبەر پیسایی چۆلەکە و تەیر و توار

٣. بۆچی؟ چۆلەکە بۆ خواردنی جاڵجاڵۆکە هاتووە

٤. بۆچی؟ جاڵجاڵۆکە بۆ خواردنی مێرووەکان هاتووە

٥. بۆچی؟ مێرووەکان لەخۆشی ڕووناکی گڵۆپەکان ئێواران دەچنە سەر مۆنیومێنتەکە

چارەسەر؟ کوژاندنەوەی گڵۆپەکان

هەمان شێوازی بیرکردنەوە دروست بکە و بەکاری بهێنە بۆ چارەسەری کێشەکانت لە ژیانی کەسی یان لە بزنس. ڕەگی کێشەکان بدۆزەوەو مقەسێکی لێدە.