پێش بڵاوکردنەوەی ڕێکلامەکەت ئەم پرسیارە لەخۆت بکە: مێشکی بینەر چۆن پەیامەکەم دەبینێت؟ ئایە بینەر بەخۆی دەڵێت (پێشتر شتێکی وام بینیوە)..؟
مێشک مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ شتی نوێدا دەکات. هەموو شتێک نوێیە هەتا ئەوکاتەی دەبینرێن. ئەگەر وشەکانی وەک (باشترین، خێراترین، نایابترین) پێشتر بەکارهاتبێت لە ڕێکلامی تر مانای وایە بینەر زوو ڕێکلامەکەت پشتگوێدەخات گەر هاتوو هەمان وشەی تێدابوو.
سەیرێکی ئەم نمونانەی خوارەوە بکە
- باشترین ڕێگا بۆ لابردنی پەڵەی سەر پێست
- خێراترین ڕێگا بۆ سپیکردنەوەی ددانەکانت
- باشترین بەرهەمی کێش دابەزاندن
ئەم جۆرە نوسینانە زوو پشتگوێ دەخرێن دەزانی بۆ؟ مێشک زوو تاگێک دەخاتە سەر هەر یەکێکیان بەپێی ئەوەی چەند جاری تر هەمان وشەی بینیوە لە ڕێکلامەکانی تر. واتا مێشک دەڵێت (ئەمەم پێشتر بینیوە فشەیە). ئەگەر ئەوە ڕوویدا ئەوا ڕێکلامەکەی تۆ بە مردوو حیسابە.
هەر شتێک هەستی ئاشنایەتی بە بینەر ببەخشێت ئەوا مێشکی تاگی دەکات بە (ئەها ئێ چ نیە). پێچەوانەکەی بریتیە لە دەربڕینێک کە نوێیە هەم لە پەیامەکە هەم لە وشەکان.

نمونەکانی سەرەوە هەستی ئاشنایەتی دەبەخشێت یان نا؟ چەندجار خۆشت ئەم جۆرە نوسینانەت بینیوەو پشتگوێت خستوون؟
چۆن کاریگەریەکەی پێچەوانە بکەینەوە؟
- باشترین ڕێگا بۆ لابردنی پەڵەی سەر پێست –> ئەم تەکنیکە نوێیە لە ماوەی حەوت ڕۆژ پەڵەی سەر پێستت ساف دەکات
- خێراترین ڕێگا بۆ سپیکردنەوەی ددانەکانت –> ڕۆژێ یەکجار بەکاریبهێنە بۆ سپی ڕاگرتنی ددانەکانت
- باشترین بەرهەمی کێش دابەزاندن –> سەیرترین ڕێگای کێش دابەزاندن، وەکو ئەوە وایە وەرزشت کردبێت
جیاوزییەکان دەبینیت؟ ئەوەی کردمان تەنها ئەوە بوو بە دەربڕینێکی جیاواز و نوێ سەرنجی بینەر ڕابکێشین. چانس زۆرە بینەر بەخۆی بڵێت (چۆۆۆۆن، زوو نیشانم بدە کو وەیە)، بە بەراورد بەوەی (ئەوەم بینیوە پێشتر فشەیە.. با لە سکرۆڵی خۆم بەردەوام بم).
هەمیشە لەبیرت بێت: مێشک تاگی شتە دوبارەبووەکان دەکات و پشتگوێی دەخات. لەبەر ئەوە بە شێوەیەک کۆپی ڕایتینگت دروست بکە کە هەستی نوێگەری بە بینەر ببەخشێت نەک هەستی ئاشنایەتی.
لەکاتی نوسینی کۆپیەکەت ئەم دوو پرسیارە لەخۆت بکە:
- کام وشە هەستی ئاشنایەتی بە بینەر دەبەخشێت؟
- بینەر تاچەند پەیامەکەی منی لا نوێ دەبێت؟
چی بکەی و چی نەکەی:
- بیرۆکەکە ئەوەیە وا لە مێشکی بینەر بکەی کە پەیامەکەت بە نوێ تاگ بکات. هەم متمانە هەمیش ئومێد دەبەخشێت بە بینەر. ئەگەر لە تیکتۆک و ئینستاو ئەوانە سکرۆڵکردن هەمان شتی دوبارەی نیشانی بەکارهێنەر بدابوایە کێ بەکاری دەهێنا؟ نهێنیەکە لە (نوێ)ییە.
- هەر بەرهەم و خزمەتگوزارییەک دەفرۆشیت شتێک هەیە کە تایبەت و نوێیە، ئەگەر نەبوو دروستی بکە و بیکە بە مەوزوع بەڵام دەبێ شایەنی باسکردن بێ و بە نوێ سەیربکرێت.
- بەشێوەیەکی بنوسە کە کەسی تر وای نەنوسیبێت (مەبەستیشمان نیە فوول کوردی پەتی و فەیلەسوفیانی بنوسی..)، ڕاگرتنی باڵانس هونەرەکەیە.
- وشەکانی وەک (نوێ، بۆ یەکەمجار، تەنها…) بەکاربهێنە بۆ کوشتنی هەستی ئاشنایەتی.
- دووربکەوە لە وشەکانی وەک (باشترین، نایابترین، خێراترین…). بە گۆشەیەکی جیاوازتر هەمان مانا دروست بکەوە لە ڕستەکەت بەشێوەیەک کە هەستی (نوێ) دروست بکات.
ئەگەر تا ئێرەت خوێندەوە هیوادارم سودت لەم پۆستە بینیبێت. لە کۆمێنت پێشنیار و بیرۆکەی خۆتمان پێ بڵێ سوپاست دەکەین.
