دروست کردنی بزنس پڕۆسەیەکی پڕ لە هەنگاوە. خاڵی سەرەتا بریتیە لە دەستکەوتنی بیرۆکە. بیرۆکەکەت چی چارەسەر دەکات؟ بێگومان کێشەیەک چارەسەر دەکات.. پێناسەی کێشەکە چیە؟ لەم چەند هەنگاوەی خوارەوە فێردەبیت چۆن پێناسەی کێشە دروست بکەیت.
سەرەتاترین پرسیار
بریتیە لەو ڕستەیەی کە دەینوسیت تا سود و ئامانج و مەبەستی بیرۆکەکەت ڕوون بکەیەوە بە شێوازی پرسیارکردن.
نمونە: چۆن کۆمپانیایەکی سۆفتوێر دروست بکەین بە فڵان بودجە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو لە خزمەتی کلینیکە پزیشکیە تایبەتەکان بۆ ئەوەی دکتۆرەکان کات و وزەیان بۆ بگەڕێتەوە لە هەر پشکنینێکی نەخۆش؟
یاساکان: بەکارهێنانی ژمارە، سنوردارکردنی کات، ڕونکردنەوەی سوودە سەرەکیەکان، نیشاندانی مەبەست.
سکۆپی بزنسەکە
تۆ دەتەوێ بیرۆکەکەت بکەیە کۆمپانیا و بزنس، دەبێ زوو بڕیار بدەی کە چی دەخەیە سەر شانی خۆت و چیش دەست لێنادەی.
نمونە: تەنها سۆفتوێرەکە دروست دەکەین فڵان تایبەتمەندی تێدا دەبێ و نابێ.. لاپتۆپ و شتی واش نافرۆشین کڕیار دەبێ خۆی حەلی بکات.
یاساکان: بە وردی هەموو ئەو شتانە بنوسەوە کە لەدەرەوەی سکۆپ و لە ناوەوەی سکۆپ دەبن.
حاڵی ئێستای بازاڕەکە
بیرۆکەکەی تۆ بازاڕێکی هەیە. پێویستە خوێندنەوەیەک و لێکدانەوەیەکی بۆ بکەی پێش ئەوەی دەست بە دروستکردنی بەرهەم بکەیت. چی لەوە ناخۆشتر هەیە دوای شەش مانگ کڕیار هەمووی بڵێن کە بەرهەمەکەی تۆیان بە فلسێک ناوێ! بۆیە هەوڵبدە بزانیت لەم بازاڕەی تۆ دەتەوێ کاری تێدابکەی چی دەگوزەرێ ئەمڕۆ و ئاڵۆزییەکان چین. بیرۆکەکەی تۆ چی دەگۆڕێت و بۆ کەس تا ئێستا نەیکردووە …هتد.
نمونە: لە هەولێر لە سەدا ٨٠ی دکتۆرەکان ئەوەندە کاتژمێرە بەفیڕۆدەدەن بە چارەسەر نەکردنی ئەو کێشەیە.. (ڕستەی لەم جۆرەو سەلمێندراو ئینکاری لەگەڵ ناکرێ.)
یاساکان: ورد بەوە لە لێکدانەوەو خوێندنەوەی بازاڕەکە. هەوڵبدە یاریزانەکانی تریش بناسیت و خاڵی بەهێزی و لاوازیان بدۆزیەوە.
سەرکەوتنی بزنسەکە
وەڵامی ئەم پرسیارانە بدۆزەوە
١. چەندمان پێویستە تا بەرهەمەکە دروست بکەین (پارە، کات)
٢. چەندمان پێویستە بۆ بەردەوامبوون
٣. بەچەند دەتوانین بیفرۆشین
٤. چەند قازانج دەکەین لە هەر فرۆشتنێک
٥. چەند پارەمان پێویستە تا کڕیارێک بەدەست دەهێنین
٦. چەند کڕیارمان پێویستە تا بگەینە خاڵی یەکسانبوون
٧. بە نزیکەیی کۆی کڕیارەکان لە بازارەکە چەندن (قەبارەی بازاڕەکە)
هەبوونی وەڵامی ئەو پرسیارانە ڕاستەوخۆ پێت دەڵێت کە بیرۆکەکەت تا چەند ئەو ئەنجامەی دەبێ تۆ دەتەوێ. هەندێک بیرکاری و تەرتیبات ئەنجامبدە لێرە، سوپاسی خۆت دەکەیت کە کردت.
دۆزینەوەی بڕیاردەرەکان لە بازاڕەکە
لە بزنسدا کڕین و فرۆشتن هەیە. ئەو شوێنەی کە شت دەکڕێ کەسێکی بڕیاردەری تێدایە. جا تۆ چەند بە ئاسانی دەتوانی پێی بگەی تا فرۆشتنی خۆت بکەی لەگەڵیان؟ لەوانەیە بەرهەمەکەت بۆ سوپەرمارکێتەکان بێ، خاوەنی سوپەرمارکێتەکە بڕیاردەرە نەک کارمەند و کاشێرەکان. چەند بە ئاسانی دەتوانی بگەی بەو کابرایە؟ وە چی لایان گرنگە؟ پرۆفایلی بڕیاردەرەکان دروست بکە.
دۆزینەوەی بڕیاردەرە کارتێکەرەکان
بەشێک لە بزنسەکان کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیدار دەهێنێتە بابەتەوە. دڵنیابەوە لەوەی بیرۆکە و بزنسی تۆ پێویستە دڵی کێ ڕازی بکات (نمونە حکومەت) بۆ ئەوەی بە بێ سەرئێشە کاری خۆت بکەیت.
دەستنیشانکردنی سنورەکان
قەبارەی تیم، بودجە، توانای تەکنیکی، فرۆشتن، گەیشتن بە کڕیار لە کاتی بەفربارین… چی شتێک پڕۆسەی ئۆپێرەیشن سنوردار دەکات، بیاندۆزەوە و دەستکاری پلانەکەت بکە تا چانسی سەرکەوتنی زیاتر بێت.
ئەم حەوت پرسیارەی سەرەوە هەر یەکەی سڵایدێکی پڕ لە نوسینی وردی پێویستە بۆ ئەوەی لێیان تێبگەی و سودی تەواوی بۆ بڕیاردانەکانت هەبێت. وردبوون و ڕاست بوون کارتێکەری گەورەی سەرکەوتنن!
